٢٣ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ٢١:٢٧
ئەمڕۆ لە ئاستانە چی گوزەرا؟

بە ئامادەبوونى سەرپەرشتیارانى دانوستانەکانى ئەستانە روسیا و تورکیا و ئیران و بە بەشدارى نوێنەرانى ئەمەریکا و وڵاتانى ئەوروپا، یەکەم دانیشتنى دانوستانەکانى ئەستانە دەستیپێکرد، کە تەنها پێشوازیکردن بووە لە ئامادەبوانى دانوستانەکان و ناوەرۆکى دانوستانەکان باس نەکران.

لە وڵاتێکى ئارام و دوور لە وڵاتى خۆیان، نوێنەرانى هەردوو حکومەت و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانى سوریا گەیشتنە نێو هۆڵى کۆبوونەوەکانى دانوستانى ئەستانە لە وڵاتى کازاخستان، وادیارە ناکۆکی و نائارامییان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، لەبەر ئەوە ستیڤان دیمستۆرا نێردەى تایبەتى نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا پێش دەستپێکردنى دانوستانەکان، هەوڵیدا هەردوو لایەن ئارام بکاتەوە و ئاڵۆزییەکانیان کەم بکاتەوە.
به پێی هەواڵ دەریی ئەهلی بەیت(ع) ، ابنا: بە ئامادەبوونى سەرپەرشتیارانى دانوستانەکانى ئەستانە روسیا و تورکیا و ئیران و بە بەشدارى نوێنەرانى ئەمەریکا و وڵاتانى ئەوروپا، یەکەم دانیشتنى دانوستانەکانى ئەستانە دەستیپێکرد، کە تەنها پێشوازیکردن بووە لە ئامادەبوانى دانوستانەکان و ناوەرۆکى دانوستانەکان باس نەکران.

ئامانجى سەرەکى دانوستانەکان جێبەجێکردنى ئاگربەستە لە سوریا و گەیاندنى هاوکاریە مرۆییەکان و ئازادکردنى گیراوانى سیاسىییە، وادیارە دانوستانەکانیش ئاسان نابێت و ئاڵۆزن کە لە لێدوانەکانى هەردوولایەندا دەرکەوت.

دواى دانیشتنى یەکەم، بەشار جەعفەرى نوێنەرى حکومەتى سوریا هێرشى کردە سەر شاندى ئۆپۆزسیۆنى سوریا و بە شاندى تیرۆریست ناوى برد.

بەشار جەعفەرى( شاندى گروپى تیرۆریست ئەتەکێتى دبلۆماسى نازانن و گرنگى بە دانوستانەکان نادەن کە ڕوسیا و ئێران ئامادەیان کردوە وشاندى گروپە چەکداریەکان باسى وادى بەرەدە دەکەن و بەرگرى لە بەرەى نوسرە دەکەن).

هاوکات شاندى ئۆپۆزسیۆنیش لەیەکەم لێدواندا هەڕەشەى دەستپێکردنەوەى شەڕى ڕاگەیاند.

ئوسامە ئەبو زەید( ئەگەر دانوستانەکانى ئەستانە نەگەیشتنە رێکەوتن و ڕاگەیاندنى ئاگربەستى گشتگیر تەنها بژاردەمان دەستپێکردنەوەى شەڕە،  بێ ئاگربەستیش هیچ مانایەک بۆ چارەسەرى سیاسى لە سوریا نابێت).

ڕوسیا و تورکیا توانیان بە فشار هەردوو لایەنى حکومەت و ئۆپۆزسیۆنى سوریا لە ئەستانە لە یەک هۆڵ کۆبکەنەوە، بەڵام دیار نییە ئەو دوو وڵاتە دەتوانن لە ڕێى فشارەوە هەر دوو لایەن بە جێبەجێکردنى ئاگربەست و گەیاندنى هاوکارییە مرۆییەکان و ڕزگارکردنى گیراوان پابەند بکەن.

وەک چۆن هەردوو لایەنى شەڕکەر بە فشار بەشدارى کۆبونەوەکانیان پێکرا، ئاوهاش بە فشارى تورکیا پارتى یەکێتى دیموکرات پەیەدە و یەکینەکانى پاراستنى گەل یەپەگە بانگهێشت نەکران بۆ دانوستانەکانى ئەستانە.

لەو بارەوە عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکى دەستەى دەرەوەى کانتۆنەکانى ڕۆژئاواى کوردستان ڕایگەیاند، ئەو بڕیارانەى لە دانوستانەکانى ئەستانە دەردرێن نوێنەرایەتى سەرجەم پێکهاتەکانى سوریا ناکات و لەسەدا ٢٠% ى خاکى سوریا لە ژێر دەسەڵاتى خۆبەرێوبەریدایە و ئەوان پابەندى بڕیارەکانى ئەستانە نابن.

لە دانوستانەکانى ئەستانەدا دوو کەسایەتى کورد بەشداریکردووە کە ئیبراهیم برۆ سەرۆکى ئەنجومەنى نیشتمانى ئەنەکەسە و عەبدولحەکیم بەشار جێگرى سەرۆکى هاوپەیمانى ئۆپۆزسیۆنى سوریایە.